سوودانی داوایەکی بەپەلە لە ئەمریکا دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی ئێران داوا لە ئەمریکا دەکات دانوستانی لەگەڵ بکات و ڕایگەیاند، ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە و دەبێت بە ڕێزەوە و لە ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
ئەمرۆ دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە بەغدا، ئاشکرای کرد، ڕاوێژکارە سەربازییەکان و کارمەندانی پشتیوانیی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بنکەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی ئاسمانی حەریر لە باکووری عێراق جێگیر کراون.
وتیشی "ژمارەیەکی کەم لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمەریکی لە وڵاتەکەیدا دەمێننەوە بەمەبەستی هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".
سوودانی داواشی لە ئەمەریکا کرد بگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران. هاوکات سیاسەتی "ئەوپەڕی فشاری ئیدارەی ترەمپی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران بە "بێسوود" ناو برد و گوتی: "ئێران وڵاتێکی گرنگ و کاریگەرە و دەبێت بە ڕێزەوە و لە ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و چارەنووسی محەممەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی پەیوەستە بەو هەڵبژاردنەوە و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان.
|