عێڕاق

ئەمریکا گەورەترین کێشە بۆ داهاتووی هەڵبژاردنی عێراق دروست دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

واشنتۆن مەرجی توند بۆ قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت، بەپێی ئینستیتیوتی ئەوروپی، واشنتۆن بیر لەوە دەکاتەوە دان بە ئەنجامەکەیدا نەنێت.

ئینستیتیوتی ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بەهەڕەشەکانى ئەمریکا لە عێراق و قبوڵنەکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن، دەڵێت "ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراقدا نەنێت، هەروەها ڕەتی بکاتەوە هاوکاری لەگەڵ هەر حکومەتێک بکات، کە “گرووپە چەکدارەکانى” لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەخۆبگرێت".

هەر بەپێی راپۆرتەکە، هەڵوێستی ئەمریکا دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی “زۆرترین فشار” کە واشنتۆن لە ساڵی 2024ـەوە گرتویەتیەبەر، ئامانجی سنووردارکردنی هەژموونی ئێرانە لە عێراق لەڕێگەی دوو ڕێڕەوی هاوتەریبەوە.

ئینستیتیوتی ئەوروپی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا دەیەوێت ئەو کارە لە دوو ڕێگەوە بکات؛ یەکەمیان سیاسی و هەڵبژاردنە، پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمانی داهاتوودا، دووەمیشیان یاسادانان و ئەمنییە، هەوڵدەدەن هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی هێزەکانی حەشدى شەعبی پووچەڵ بکەنەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە "واشنتۆن هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی و ڕاگرتنی هاوکارییە ئەمنییەکانی و کشانەوەی هێزەکانی کردووە، کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسە، ئەگەر یاساکە بەم شێوەیەی ئێستای دەربچێت، واشنتۆن پێیوایە ئەمە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگۆڕێت بۆ “مۆدێلێکی هاوتەریب لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران” لە عێراق.

لەوبارەوە ئەیوب روبەیعی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی بەغدا بە میدیا عێراقییەکانى راگەیاندووە "قسەکردن لەسەر ئەگەری دانپێدانان بەئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا “زیادەڕۆیی و ناواقیعییە”، پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق “یەکێکە لە شەفافترین و ڕێکخراوترین ئەزموونەکانی ناوچەکە".

روبەیعی باسی لەوەشکردووە، ئەو ئەزموونەی لەدوای ساڵی 2005 دەستیپێکردووە، سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمای ئیرادەی دەنگدەران و سندوقەکانی دەنگدان دامەزراند بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لەڕێگەیەوە حکومەت بەپێی نوێنەرایەتی نیشتمانی پێکدەهێنرێت، پڕۆسەی هەڵبژاردن لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەڕێوەدەچێت، بە بەشداریی سەدان چاودێری نێودەوڵەتی و دەیان هەزار نوێنەری قەلایەنەوارە سیاسییەکان.

دەشڵیت "هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازی نیشتمانی، وەک لایەنى سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن، بەڵکو ئەندامەکانی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی دیکە، پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو وەک بڕیارێکی تەواو عێراقی دەمێنێتەوە، کە بە سندوقی دەنگدان دیاری دەکرێت نەک بە خواستی دەرەکی".

ئەوە پەرلەمانتارەی پێشووە وتوشیەتی "ئەمریکا بەڕاستی بەرژەوەندی لە عێراق هەیە، بەڵام درک بەوە دەکات کە سەردەمی دیکتاتۆری کۆتایی هاتووە، عێراقییەکان بە تەنها لەڕێگەی دەنگەکانیانەوە شێوەی حکومەتی داهاتوو یەکلایی دەکەنەوە، نەک لەڕێگەی هەڕەشە و سزا".
16کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.