نها نیوز – هەواڵەکان
رۆژنامەیەکی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) بڵاویکردەوە، لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، نرخی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ یەک کورسیی پەرلەمان گەیشتووەتە 4 ملیۆن دۆلار.
عەبدوللـەتیف ئەلسەعدوون، نوسەر و ڕۆژنامەوانی عێراقی لە وتارێکدا بە ناونیشانی (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەژێر سێبەری گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکییدا) کە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی "تەنیا سێ هەفتە ماوە تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات، لە کاتێکدا گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە تووشی گەندەڵی و قەیران و کێشەی گەورە بووە کە ئاستی شەفافییەت و دادپەروەریی هەڵبژاردنەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە".
وەک ئەلسەعدوون دەڵێت "گەندەڵی و کڕینی دەنگ و پارە و دیاریی سیاسی، یەکێکە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژارن لە عێراق".
وتوشیەتی "بەکارهێنانی پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی کورسیی پەرلەمانی یەکێکە لە سیما دیارەکانی گەندەڵی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا".
ئەو نوسەرە لە وتارەکەیدا دەشڵێت "باسی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكات، تێچووی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ یەک کورسیی پەرلەمانی، گەیشتووەتە پێنج ملیار دینار (نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار). هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا، نرخی هەر دەنگێک گەیشتووەتە 500 هەزار دیناری عێراقی".
عەبدوللـەتیف ئەلسەعدوون نوسیویشیەتی "هەندێک کاندید پشت بە خێڵ و هۆزەکانیان دەبەستن نەک بەرنامەی سیاسی. سەرخێڵەکان ئەندامانی هۆزەکانیان ناچار دەکەن بە دەنگدان بۆ کەسێکی دیاریکراو، ئەمەش پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنی لاواز کردووە".
ناوبراو پێشیوایە، لایەنی دەرەکی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکەن وەکو ئێران پشتیوانی لە کاندیدە نزیکەکانی خۆی دەکات لەڕێگەی باڵوێزخانەکەی لە بەغدا.
هەر بەپێی وتارەکەی ئەو نوسەرە لە رۆژنامەیەکی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 500 کاندیدی دەرکرد بە پاساوی بەعسیبوون یان تەواونەبوونی بەڵگەنامەکانیان. "لەکاتێکدا هەندێک لەمانە کەسانی ڕەخنەگر بوون کە ژیانیان لە سەرکردەکانی میلیشیاکان و گەندەڵکاران تاڵ کردبوو".
لە کۆتایی ئەو وتارەدا نووسەرە عێراقییەکە باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی خەڵک هیچ ئومێدی نییە بۆ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە عێراق، بەڵام فشاری ئەمریکا لەسەر بەغدا ڕەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی میلیشیاکان و هەندێک کەسایەتی لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەدا.