یاسای نەوت و گاز بۆ خولی داهاتوو دواخرا
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یاسای نەوت و گاز بۆ خولی داهاتوو دواخراوە، وتیشی "گفتوگۆکردن لەسەری لە ئێستادا تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە".
نازم شەبلی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، پرۆژەیاسای نەوت و گاز دەکەوێتە خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لەم خولەدا گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، وروژاندنی پرسی یاسای نەوت و گاز لەم کاتەدا، تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنە، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەیاساکە زیاتر لە 19 ساڵە راگیراوە و ئەم خولەی پەرلەمان کاتی ئەوەی نییە پەسەندی بکات.
شەبلی، رایگەیاند، ئەم یاسایە دەبێتە هۆی رێکخستنی هەناردەکردنی نەوت و رێگری لە فرۆشتنی نایاسایی دەکات لە دەرەوەی کۆمپانیای سۆمۆ.
لە یەکەم خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە ساڵی 2005، هەوڵ بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز دەدرێت و تاکو ئێستا چوار رەشنووس ئامادەکراون، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هیچ کامیان پەسەند نەکراون.
|