سودانی و مالیکی عێراقیان شۆککرد
نها نیوز - هەواڵەکان
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن؛ ململانێی نێوان مالکی و سودانی چڕتر دەبێتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەیەوێت کۆتایی بە هەژموونی نۆزدە ساڵەی نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بهێنێت، مالکیش کار بۆ پاراستنی پێگەکەی و کۆتایی هێنان بەتەمەنی حوکمڕانی سودانی دەکات.
میدیای پەنجەرە بڵاویکردەوە، ململانێی نێوان مالکی و سودانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام لەکاتی پێکهێنانی حکومەت دا قوڵتر دەبێتەوە، بەو پێیەی سودانی هەوڵی مانەوەی لە پۆستەکەی و مالکیش هەوڵی دوور خستنەوەی دەدات.
ئاماژە بەوەشدراوە، نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، ماوەی نۆزدە ساڵە کارەکتەرێکی بەهێزی نێو گۆڕەپانی سیاسی عێراقە، زۆربەی سەرکردە شیعەکان خۆریان ئاوابوو، بەڵام ئەو هێشتا شەڕی پاراستنی هەژموون و پێگە بەهێزەکەی دەکات.
هاوکات نوری مالکی، بەسوود وەرگرتن لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەلە ساڵی 2006 وەریگرت، پێگەی خۆی بەهێزکرد و ڕەگی لەنێو جومگە هەستیارەکانی وڵات دا داکوتا.
هەروەها، دوای تێپەڕبوونی 19 ساڵ بەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەو تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستبەرداربوونی لێی، هێشتا مالکی شەڕی براوەی یەکەم دەکات لەکاتێکدا ئەو کەسانەی دوای ئەو پۆستی سەرۆک وەزیرانیان وەرگرت، هەرزوو خۆریان ئاوابوو.
هەر بەپێی ئەو میدیایە، لەماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، مالکی توانیویەتی ڕکابەرەکانی هەر لە ئەیاد عەلاوییەوە تا موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانەکە دوور بخاتەوە، ئەمەش بەسود وەرگرتن لە هێزی ئێران و پشتگیری لایەنە شیعەکانی تر.
لەلایەکی دیکەشەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بووەتە بەربەستێکی گەورەی بەردەم مالکی، بۆیە بەئاشکرا لەلایەن ئەندامانی دەوڵەتی یاساوە هێرشی دەکرێتە سەر.
لەبارەوە نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا وتویەتی "بەبێ ڕەزامەندی چوارچێوەی هەماهەنگی سودانی ناتوانێت پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە".
جگە لەوەش بەوتەی بەرپرسانی عێراق رایانگەیاندووە "کێبەرکێی نێوان مالکی و سودانی گەیشتووەتە ئاستێک، دەوڵەتی یاسا پارەیەکی زۆری بۆ دەنگ کڕین تەرخانکردووە، سودانیش هەموو دەسەڵاتەکانی خستووەتەگەڕ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن".
لایخۆشییەوە سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بە هەمان میدیای ڕاگەیاند "ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەڕێگەی دەسەڵات و پارەوە یەکلایی دەکرێتەوە".
|