نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە رایدەگەیەنێت کە پێویستە عێراق پەند لە رووداوەکانی سوریا و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە ببینێت، چونکە ئەگەر بۆ ئەمجارە هێرشبکرێت بۆ ماوەی 12 کاتژمێر وڵاتەکەی زیانی بەردەکەوێت، دەشڵێت "لەهەڕەشەی نەیارانمان ناترسین و لەگەڵ نزیكبونەوەش لەوادەی هەڵبژاردن دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە لەنەجەف سەردانی مەزاری باوكی كرد، ئەوەش دووای ئەوە دێت ناوبراو لەلایەن عەلی فازل، چالاكوانی ئۆپۆزسیۆن ناوبراو ئاگاداركرایەوە كە لەلایەن یاسر سەخیل، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا هەوڵی تیرۆركردنی دەدرێت؛ لەكاتی سەردانی بۆ مەزاری باوكی لەنەجەف لەڕێگەی فرۆكەی درۆنەوە.
لەوبارەیەوە هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لەپلاتفۆڕمی "ئێكس" نوسیویەتی "پێویستە لە ڕووداوەكانی لوبنان و سوریا و یەمەن و ئێرانەوە پەند وەربگرن و عێراق لەماوەی 12 كاتژمێردا زیانی بەردەكەوێت و هیچ كام لە بەڵێندەرەكان نادۆزنەوە و گوێبیستی دەنگیان نابن".
سەدر ئاشکراشیکردووە "وەك دەزانن هەڕەشەكانتان نامانترسێنن و تیرەكانتان زیانمان پێناگەیەنێت و لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش لەنێوخۆتاندا دەكەونە ململانێی یەكتر، چونكە گەل هۆشیارە و نیشتمانیش خەمخۆری هەیە و بایكۆتكارانیش بایكۆت دەكەن بۆیە ئەنجامەكان وەك پێشوتر نابن".
سەرۆکی رەوتی شیعە وتووشیەتی "هەركەسێكیش بیەوێت بەشداری هەڵبژاردن بكات بەپێی رێنمایی زانا و داناكانی بەشداردەبێت و دەنگی خۆی ناداتە ئەو كەسەی كە تاقیكراوەتەوە".
بەوتەی موقتەد سەدر "عێراق و گەلەكەمان رووبەڕووی مەترسییەكی راستەقینە دەبێتەوە لەسایەی بڵاوبونەوەی بێكاری و بیری توندڕەو هەژاری و گەندەڵی ئەخلاقی".
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو لەبەسرە گرژی و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە دوای ئەوەی چەكدارانی سەرایا سەلامی سەربە موقتەدا سەدر لەپارێزگاكەدا بڵاوبوونەوە دوای ئەوەی باس لەهەوڵی تیرۆركردنی موقتەدا سەدر درا.