سەرکردەیەکی عێراق هۆشداری لە مەترسییەکی گەورە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هۆشداری دەدات لە دواخستنی هەڵبژاردن و دەڵێت" دواخستنی پرۆسەکە عێراق دەباتە تونێلێکی تاریکەوە کە دەربازبوونی نابێت."
دووشەممە 29ی ئەیلول نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا رایگەیاند" هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی نییە و هەڵبژاردن "بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و دەستکەوتێکی شەرعییە" و دواناخرێت".
وتیشی: "بەتوندی پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەڵبژاردن رۆحی دیموکراسییە و بەبێ هەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی بوونی نابێت."
مالیکی راشیگەیاندووە، بە تەواوبوونی تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەران، حکومەتیش شەرعییەت لەدەستدەدات. ئاماژەی بەوەشکرد، "بەبێ بوونی ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی نوێ، دەچین بەرەو پشێوی و چارەنووسێکی نادیار."
دەشڵێت"دواخستنی هەڵبژاردن عێراق دەباتە تونێلێکی تاریکەوە کە دەربازبوونی نابێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
|