کێشەی مالیکی و سودانی دەگاتە "مریشکە ڕەشە"، سودانی دەیباتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات رایدەگەیەنێت، زۆرێک لە کاندیدەکانیان چوونەتە ناو هاوپەیمانێتیەكەی سودانی چونکە پێویستیان بە کاری قیرتاوکردن و دابەشکردنی محاویلەی کارەبا هەیە، لەبەرامبەردا لیسەتەکەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراقیش وتویەتی "مالیکی دەوڵەتی یاسا بەڕێوە نابات و لاواز بووە".
لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و، هاوپەیمانی بونیادنان و گەشەپێدان، بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی توندتر دەبێتەوە.
لەوبارەیەوە عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دیدارێکدا لەگەڵ یەکێک لە تەلەفیزیۆنە عەرەبییەکان، وتویەتی "زۆرێک لە ئەندامان و کاندیدەکانی فراكسیۆنەكەمان چوونەتە ناو هاوپەیمانێتیەكەی محەمەد شیاع سودانی، چونکە پێویستیان بە کاری قیرتاوکردن و دابەشکردنی محاویلەی کارەبا هەیە، كە لەئێستادا بووەتە كارنامەی حكومەت".
وتوشیەتی "فراكسیۆنەكەمان بە خولی دووەم رازی نییە، بەهۆی بوونی ئاماژەی زۆر كە هاوبەشی تێكدەدەن، لە نمونەی، بەدزییەوە کۆبونەوەی سودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا".
وتەبێژی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان "قەناعەت"ـیان بەو مۆدێلە هاوبەشییە نییە کە سودانی پێشکەشی کردووە، "سەرۆک وەزیران گرنگی بە پرسی هاوبەشی نادات".
لە بەرامبەردا، عەبدولهادی سەعداوی سەركردە لە هاوپەیمانێتیەكەی سودانی رایگەیاند "نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی لە ئێستادا سەرکردایەتی فراكسۆنەكەی ناكات، بەڵكو كەسانی خوار ئەو لە حزبەكە هەن كارەكان بەڕێوەدەبەن".
جەختیشی لەوەکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەوە رێککەوتن دووربكەونەوە لە یەكترخستن لە هەڵبژاردن، بەڵام پێشێلکارییەکان لە لایەنێکەوە دێت.
سەعداوی باسی لەوەشکرد، ئەوان هەر لە سەرەتاوە لەچوارچێوەی هەماهەنگیدا کاریان لەسەر کردووە، "هاوبەشییە لە بیروڕای سیاسی و واقیع و ئاسایشی وڵات و پاراستنی، هەموو لایەک هاوڕان لەچوارچێوەی هەماهەنگیدا، جگە لە دەوڵەتی یاسا کەلە ئێستادا کەمترینە لەرووی چەندایەتی و بڕیاردانەوە".
"لەگەڵ هەموو رێزێک بۆ مالیکی، ئەو ژیرە و خاوەن دیدگایە، بەڵام لە ئێستادا ئەو کەسە نییە کە دەوڵەتی یاسا بەڕێوە دەبات، لایەنی حزبی لەخوار ئەو هەن کارى بەڕێوەبردنی دەوڵەتی یاسا دەکەن". عەبدولهادی سەعداوی سەركردە لە هاوپەیمانێتیەكەی سودانی
|