عێڕاق

سەرکردەیەکی باڵا بە بڕیارێک عێراقی شۆک کرد

نهانیوز-هەواڵەکان

موقتەدا سەدر لەبارەی هۆکارەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: "لە کار و پێشینەی بەربژێرەکان وردبنەوە، پێش ئەوەی تۆمەت بۆ کەسانی دیکە دروست بکەن، چونکە هەندێکیان بەعسی بوون."

 یەکشەممە 21ی ئەیلوول موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر راگەیەنراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە و لە شەش خاڵدا هۆکارەکانی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئاشکرا کرد.

 موقتەدا سەدر لە یەکێک لە خاڵەکاندا دەڵێت" ئەگەر پێشتر لایەنەکانی دیکە بایکۆتکردنی 75 پەرلەمانتاری رەوتەکەیان کردبێ، ئەمڕۆ ئەوانیش ( رەوتی نیشتیمانی شیعە) ئەوان بایکۆت دەکەن و دەڵێت:" ئەگەر ئەوان بڵێن بایکۆتکردنی سیاسییەکانی شیعە حەرامە، کەواتە بایکۆتکردنی 75 پەرلەمانتارەکەش حەرام بوو".

موقتەدا سەدر بە لایەنگرانی دەڵێت: "ئەگەر پێتان بڵێن ئێوە شیعە نین، ئێمەش دەڵێین کەواتە بۆچی دەنگەکانمانتان دەوێ؟"

موقتەدا سەدر  دەشڵێت: "لەنێو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن چاکسازییمان تاقی کردەوە، بەڵام گوێیەکی وشیارمان بەدی نەکرد، ئەمڕۆ چاکسازی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی تاقیدەکەینەوە".

لە خاڵەکانی دیکەی موقتەدا سەدردا هاتووە: "چۆن دەنگ بدەینە کەسێک کە دەڵێت ئێمە خاوەنی ئەجێندای دەرەکین؟ چۆن دەنگ بدەینە کەسێک کە گومان دەکرێ وەک لە تۆمارە دزەپێکراوەکانیدا دەرکەوتووە بیەوێ بمانکوژێ و هێرشمان بکاتە سەر لە نەجەف؟! یان دەنگ بدەینە کەسێک پاڵاوگەی بێجیی لێکهەڵوەشاند".

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر نەیارانیان وایان تێبگەیێنن کە بایکۆتکرنی هەڵبژاردن واتە گەڕانەوەی بەعسییەکان ئەوا "لە کار و پێشینەی بەربژێرەکان وردبنەوە، پێش ئەوەی تۆمەت بۆ کەسانی دیکە دروست بکەن، چونکە هەندێکیان بەعسی بوون.. کەواتە ئێوە گەڕاندووتاننەوە نەوەک ئێمە".

سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر مەبەستیان لە بێسوودیی بایکۆت، بایکۆتکردن بێ، بێ هەبوونی فراکسیۆن و پەرلەمانتار، ئەو کاتە (لە ئەگەری بەشداریکردن لە هەڵبژاردن) رەوتی نیشتمانیی شیعە تۆمەتباردەکرا بە "پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت، درێژەدان بە ناکۆکییەکان، سووتاندنی نەخۆشخانەکان و سندووقەکانی دەنگدان و بۆردوومانکردنی براکانمان لە هەولێر و ئەنبار."

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022  لایەنەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە رێگەیان نەدا موقتەدا سەدر بە زیاتر لە 70 پەرلەمانتارەوە حکومەت پێکبهێنێت و بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانیان نەکرد. ئەو رەوتە ناچار بوو وەک کاردانەوەیەک پەرلەمانتارەکانی بکشێنێتەوە.

 
2025-09-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.