نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردن میکانیزمی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراسیە و لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت "عێراق ئاهەنگی دیموکراسی دەگێڕێت".
محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆنفرانسی چاودێری دیموكراسی لە بەغدا وتی "ئەگەر وڵاتێک هەبێت مافی ئەوە هەبێت ئاهەنگی دیموکراسی بگێڕێت ئەوە عێراقە. چونکە عێراق نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ناوازەی دیموکراسی دەکات".
سودانی دوپاتیشی دەکاتەوە "هەڵبژاردن میکانیزمی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراسیەو لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و پاڵپشتی تەواومان پێشکەش کردووە".
بەشێکی دیکە لەوتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق:
ـ عێراق سەدان هەزار شەهیدی پێشکەش کردووە، هاوشانی لەناوچونی چەندین کەسایەتی دیار و باجی گەورە شەڕە بێهودەكانی داوە.
ـ دیموکراسی بە ئیرادەی عێراقییەکان دامەزراوە.
ـ هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژمان ماوە بۆ چەسپاندنی بناغەکانی دیموکراسی.
ـ دیموکراسی لە عێراق سەرکەوتوو بووە، هەموو وڵاتانی جیهان دانیانپێدا ناوە.
ـ حکومەتەکەمان کاری کردووە بۆ پشتگیریکردنی هەموو ئەو ئازادییانەی دەستور گەرەنتی کردووە.
ـ هیچ بەدیلێک بۆ رێبازی دەستووری نییە، ناشگەڕینەوە بۆ دواوە.
ـ وازهێنان لە دەنگی هەڵبژاردن واتە بوونی جێگرەوەیەكی گەندەڵ.
ـ رێگای دیموکراسی هەمیشە پێویستی بە کاری زیاتر دەبێت.