لەبارەی هێرشکردنە سەر عێراق روونکردنەوە دەدرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە بارەی ئەگەری سەرهەڵدانی شەرلە عێراق رایگەیاند، هیچ بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر گروپە شیعەکانی عێراق لە ئارادا نییە، چونکە ئەو گروپانە خۆیان بەدوور گرتووە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ئەو زانیاری و شیکارییانەی بۆ ئەگەری هێرشی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ سەر گروپە شیعەکانی عێراق دەکرێن، بنەمایان نییە.
دەشڵێت: لەکاتی شەڕی نێوان ئێران- ئیسرائیل دا، گروپە شیعەکان نەخزانە نێو شەڕەکەوەو خۆیان بەدوور گرت، بۆیە هیچ شتێک بۆ هێرشکردنە سەریان لەگۆڕێ نییە."
هاوکات سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە بارەی دەنگۆی هێرشکردنە سەر عێراق رایگەیاند هیچ نیگەرانییەک لەوبارەیەوە بوونی نییە و ئامادەباشی شەڕ و ئامادەیی بۆی کراوە.
رادیۆی مۆنتی کارلۆى فەڕەنسى بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەدە، دەزگای هەواڵگری و راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵسەنگاندنێکی بەپەلەی پێشکەش بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و هۆشدارییانداوە، کە پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا عێراق ببێتە ئامانجی داهاتووی هێرشەکانی ئیسرائیل.
|