هۆشداریی مەترسیدار بە سودانی درا
نها نیوز - هەواڵەکان
رادیۆی مۆنتی کارلۆ رایگەیاند، هەواڵگریی عێراق هۆشداری لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل دەدات و پێدەچێت بەغدا ئامانجی داهاتووی سەرۆک وەزیرانی تەلئەڤیڤ بێت و ئەو مەترسیەش سودانی لێئاگادارکراوەتەوە.
رادیۆی مۆنتی کارلۆى فەڕەنسى لەزاری سەرچاوەیەک لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد "دەزگای هەواڵگری و راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵسەنگاندنێکی بەپەلەی پێشکەش بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و هۆشدارییانداوە، کە پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا عێراق ببێتە ئامانجی داهاتووی هێرشەکانی ئیسرائیل".
بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆنتی کارلۆ کە لە لیژنەکە وەرگرتووە، هەواڵگریی عێراق هەڵسەنگاندنێکی بەپەلەی پێشکەش بە سودانی کردووە، کە هاوکات سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی دەکات، وتوویانە؛ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پلانی داناوە لە ئایندەیەکی نزیکدا هێرش بکاتە سەر عێراق.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەکەی هەواڵگریی عێراقیشدا ئەوە خراقەتە روو، بەرەی داهاتووی شەڕ، کە تەلئەڤیڤ بیری لێبکاتەوە، عێراق دەبێت، هەڵسەنگاندنەکە لەسەر بنەمای ستراتیجیی ئیسرائیل بووە، کە عێراق بە گەورەترین ناوچەی چالاکیی ئێران دەزانێت و باوەڕیان وایە، لەدوای دەستبەرداربوونی ئێران لە بەرەی سوریا، عێراق بووەتە قووڵایی گۆڕەپانی ستراتیجیی ئێران و حیزبوڵای لوبنان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق هەوڵی چڕی نێودەوڵەتی خستووەتەگەڕ، بۆ بونیادنانی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی نوێ لە وڵاتەکە.
|