عێڕاق

سودانی پەیامێکی جیهانی راگەیاند

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی وتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، قەبارەی وەبەرهێنان لە دوو ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە (100) ملیار دۆلار، هەروەها گرێبەستی نوێیان لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی کردووە.

محمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئاهەنگی رۆژی هاوبەشییەكانی نێوان دامەزراوەیی دارایی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق لەوتارێکدا رایگەیاند "پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت بەردەوامە و، پیرۆزبایی لە گەلی عێراقیش دەکەین، بەبۆنەی بەستنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیی دارایی نێودەوڵەتی".

وتیشی "حکومەت باوەڕی بە گرنگی داڕشتنەوەی پەیكەری ئابووری عێراق هەیە. داڕشتنەوەی ئابووری پێویستییەکی بەپەلەیە. ناتوانین بەدیهێنانی خواستەکانی عێراقییەکان دوابخەین".

سودانی ئاماژەی بەوەشداوە، کەرتی تایبەت هاوبەشێکی پاڵپشتە لە داڕشتنەوەی پەیكەری ئابووری عێراق. هاوکات دەشڵێت "رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت روون بوو و بووەتە هۆی راکێشانی زۆرێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان".

لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنانی عێراقیش، سەرۆک وەزیران ئاشکرایکرد "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەیشتوینەتە (100)ملیار دۆلار لە قەبارەی وەبەرهێناندا".

هە ربەوتەی ناوبراو، پاکێجێکیان ئامادە کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و "ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە چاوەڕێی یاسادانان دەکات".

ئەو راشیگەیاندووە "ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشخستنی ئابووری عێراق لە قۆناغی داهاتوودا. هەروەها وەبەرهێنانمان کردووە لە ناوخۆیی و بیانی لەبواری دانوستان".
 
7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.