نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی 15 بەڕێوەبەر بەهۆی نەشیاوییان لە راپەڕاندنی کارەکانیان.
یەکشەممە 7ی ئەیلول ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەند بڕیارێکی تایبەتی سەبارەی بە هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و زیانەکانی کارەبا دەرکرد.
ئاماژە بەوەشدراوە، سودانی بڕیاری دەرکردووە بە دوورخستنەوەی 15 بەڕێوەبەری سەنتەرەکان بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان و بێ ئاگاییان لە بەفیرۆدان و بەهەدەرچوونی زیادەی بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی وزە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، سودانی فەرمانیدەرکردووە بە زیادکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرانی لقەکان لە وەزارەتی کارەبا بۆ ئەنجامدانی ئەرکی فراوانتر و هەمەلایەنەتر لە کەمکردنەوەی زیانەکانی بەفیڕۆدانی وزە و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆدان، هاوکات لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە نەتوانن ئەرکەکانیان لەو بوارەدا جێبەجێ بکەن، ئەمەش لە بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی چاککردنەوە و ناوچەکان و لقەکان و بەرپرسانی تر لە کۆمپانیاکانی دابەشکردن دەستپیدەکات.
هەر بەپیی بریارەکانی سودانی، فەرمان بە دەستەی ڕاوێژکاری کراوە بەدواداچوونی ورد بکەن لەسەر قەرز و تۆماری هاوبەشانی کارەبا بۆ سەرجەم بەشداربووان و لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپۆرت پێشکەش بە ئەنجووومەنی وەزیران بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر سودانی رایگەیاندبوو کە بە هۆی دەستوەردانی لایەنە سیاسییەکان دەستی بۆ هەندێک ئاڵوگۆڕ لەناو بەرپرسانی عێراقی دا بەستراوە و تەنانەت باسی لەوەش کردبوو کە توانای گۆڕینی چوار وەزیری نییە کە بە بڕوای ئەو ئەرکەکانیان بەباشی بەڕێوە نابن.