سۆمۆ لەبارەی سزا نەوتییەکانی ئەمریکا روونکردنەوە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند"ئەو سزا نەوتییانەی ئەمریكا سەپاندویەتی، دورو نزیك هەناردەی نەوتی خاوی عێراقی بە ئامانج نەگرتووە".
یەکشەممە 7ی ئەیلول عەلی نزار شەتری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق دەڵێت" سزاكانی ئەمریكا تایبەتە بە كەسانێكەوە كە كۆمپانیای تایبەت یاخود كەشتییان هەیە، نەك بە بەندەر یاخود هەناردەی نەوتی عێراق."
قسەکانی بەڕێوبەرەکەی کۆمپانیای سۆمۆ دوای ئەوە هات کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە دروستكردنی لیژنەیەكی باڵا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە بابەتی تێكەڵكردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق و فرۆشتنی بەمەبەستی خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش بابەتێكە كە بەمدواییانە واشنتۆن زیاتر لە جارێك عێراقی پێ تۆمەتبار كردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر سەرمایەدارێكی تری عێراقیدا سەپاند كە ناوی (وەلید سامەڕائی)یەو لە ئیمارات نیشتەجێیە، تاوانباری كرد بەوەی نەوتی ئێران تێكەڵی نەوتی عێراق دەكات و دەیفرۆشێت، لەم رێگەیەوە ملیۆنان دۆلار داهات بۆ خۆی و ئێران كۆدەكاتەوە.
|