ململانێی سودانی و مالیکی دەگاتە لوتکە و سیاسەتی عێراق دابەشدەکرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
دابەشبوونی سیاسی لە عێراق قووڵتر دەبێتەوە ململانێی نێوان سودانی و مالیكی دەگات بە لووتكە، ئەوەیش هێشتا گەرەنتی نییە بەهۆی خراپی دۆخی ناوچەکە هەڵبژاردن بکرێت. چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانیش ڕایگەیاندووە، سوورن لەسەر ئەوەی كە خۆیان حکومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێنن.
محەمەد زەیادی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (المعلومە) وتی "حکومەتی داهاتوو ناتوانێت لە دەرەوەی ڕەحمی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بێت، چونکە تاکەلایەنە شەرعییەتی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هەیە".
هاوکات بەشێك لە چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو ململانێ توندەی كەوتووەتە ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەتایبەتی پرسی دووبارەبوونەوەی ویلایەتێكی تر بۆ سودانی، یان گەڕانەوەی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ دەسەڵات، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانی خستووەتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە، چونكە لەلایەك محەمەد شیاع سودانی لەم هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکی فراوان دەکات بەناوی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان- الإعمار والتنمیة)، کە حەوت کوتلەی سیاسی لەخۆ دەگرێت.
لە بەرامبەردا، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش بە سەرۆکایەتیی مالیکی، ڕەخنە لە گەڕانەوەی سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەگرێت و پێشبینی دەکات، سەرۆکی داهاتووی حکومەت لە ڕیزەکانی ئەوان بێت.
چاودێران ئاماژە بەوەش دەکەن، بەغدا گۆڕەپانی یەكلاكەرەوەی نێوان سودانی و مالیكی دەبێت، بەوپێیەی زۆرترین كورسی كە 70 كورسییە لە كۆی 329 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق، لەو پارێزگایەدایە. بەڵام سەركەوتنی هەر یەكێكیشان (سودانی یان مالیكی) پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەجۆرێك ئاڵۆز دەكات، بە دوور نابینرێت لەوەی بیگەیەنن بە "مریشكەڕەشە".
|