عێڕاق

سودانی لەبارەی نەوتەوە پەیامێکی گرنگی راگەیاند

نها نیوز - هەواڵەکان

بەوتەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، یەدەگی عێراق 150 ملیار بەرمیلە و تا 120 ساڵی تر نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان دابین دەكەن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە (كۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەغداد بۆ وزە) رایگەیاند "ئەوە لەبیرناكەین كە رێكخراوی (ئۆپیك) ساڵی 1960دا لە بەغدا دامەزراوە و عێراق ئەندامێكی سەرەكییە تێیدا".

وتیشی "یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی عێراق دەگاتە 150 ملیار بەرمیل". سودانی زیاتری ئاشکراکرد و وتیشی "نەوتی عێراق لانی كەم بۆ ماوەی زیاتر لە 120 ساڵی تر بەردەوام دەبێت لە دابینكردن بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی پشكی هەناردەمان لەگەڵ قەبارەی یەدەگی نەوت و توانای وەبەرهێنان و ژمارەی دانیشتووانماندا نەگونجاوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجێكی ستراتیژییان هەیە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بگۆڕن بۆ بەرهەمە نەوتییە بەها بەرزەكان، ئەو دەشڵێت "بەرێژەیەك كە تاوەكو 2030 كەمتر نەبێت لە 40%ی تێكڕای بەرهەمهێنانمان، لەسەر ئەم بنەمایەش دەستمان بە پرۆژە نەوتییەكانمان كردووە".

سودانی باسی لەوەشکرد، بەر لە چەند هەفتەیەك گفتوگۆیان كردووە بۆ كاراكردنەوەی هێڵی هەناردەی عێراق - سوریا، بۆ ئەوەی ببێت بە بژاردەیەك لەنێو بژاردەكانی فرەچەشنكردنی دەروازەكانی هەناردەی نەوتی عێراق. "بە كردەوە دەستمان بە راكێشانی بۆری (بەسرە - حەدیسە) كردووە بەدرێژایی (685 كیلۆمەتر)".

ناوبراو جەختیشیکردەوە "رێژەی 70%ی پرۆسەی دووبارە بەكارهێنانەوەی غازمان تێپەڕاندووە، تا دەگات بە راگرتنی تەواوەتی سوتانی غاز لەماوەی دوو ساڵدا".

"كۆتایی بە سوتانی غازی هاوەڵ هێنراوەو بەتەواوەتی سود لە 1300 ملیۆن پێ سێجا غاز وەردەگیرێت". محەمەد شیاع سودانی وا دەڵێ
 
2025-09-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.