دۆخی سیاسی عێراق دەهەژێت و سوودانی بە دوای ناوبژیوان دەگەرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
رۆژنامەیەكی عێراقی ئاشكرای دەكات، تیمی دۆناڵد ترەمپ هاوكێشە سیاسییەكەی ئێستای عێراقیان بەلاوە پەسەند نییە، عێراقیش لەوە دەترسێ كە ئەمەریكا لە بەندەكانی رێككەوتنی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ عێراق بكشێتەوە و بە دوای ناوبژیوان دەگەڕێت.
ئەمرۆچوارشەممە3ی ئەیلوولی 2025 ڕۆژنامەی (المدی)ی عێراقی، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند،”بە هۆی ئەو هەڵە ستراتیژی“یەی كە عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كردوویەتی، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر عێراق زیادی کردوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی دەگەیەنێتە سوڵتاننشینی عومان تاوەكوو ببێتە ناوبژیكەر لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا.
ئیحسان شەممەری، سەرۆكی سەنتەری هزری سیاسی بە رۆژنامەكەی وتوە، پێموایە سوودانی لەم سەردانەدا بەدوای ناوبژیوانێكدا دەگەڕێت، چونكە ئەمەریكا لە ڕێگەی هەندێك ڕێوشوێنەوە دەستی بە فشارخستنە سەر حكوومەت و عێراق بە شێوەیەكی تەواوەتی كردووە، بۆیە لەم سەردانەدا چەند پرسێك تاوتوێ دەكرێت كە یەكێك لەوانە، بابەتی هەڵوەشاندنەوە و چەكدانانی میلیشیاكانە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەدەن، تیمی دۆناڵد ترەمپ هاوكێشە سیاسییەكەی ئێستای عێراقیان بەلاوە پەسەند نییە.
هەر لەمبارەیەوە ئەحمەد یاسری، سەرۆكی سەنتەری عەرەبی - ئوسترالی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، دەڵێت " عێراق و حكوومەتی سوودانی دەزانن كە لە چركەساتێكی یەكلاكەرەوەدا دەژین كە خەریكە هەموو دەرگاكان دادەخرێن.
دەشڵێت ”عێراق لەوە دەترسێ كە ئەمەریكا لە خاڵەکانی رێككەوتنی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ عێراق بكشێتەوە، ئەمەش دۆخی رژێمی سیاسی لە بەغدا دەهەژێنێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی چاودێریی ئەمنیی ئەمەریكا كە لانی كەم دەروازەی رۆژئاوا و باكوور لە عێراقدا دەپارێزێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر، دوێنێ وهزارەتی گهنجینهی ئەمریکا راشیگەیاندووە، ئەمریکا کار دهکات بۆ بهرهنگاربوونهوهی کاریگهری ئێران بەسەر عێراقەوە، بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی رێوشوێنەکانی سەپاندنی ئەوپەڕی سزا بەسەر ئێران و سەرچاوەی داهاتی نەوتی وڵاتەکە.
|