عێڕاق

بزانە کەشی زستانی ئەمساڵ چۆن دەبێت؟

نهانیوز-هەواڵەکان

دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە نەخشەکانی کەشوهەوا ئاماژە بە مامناوەندی کەشوهەوا دەکەن بۆ 3 ڕۆژی لەسەریەک لە سبەینێ دووشەممەوە تا چوارشەممە، بەجۆرێک؛ بەغدا سبەی دووشەممە بەرزترین پلەی گەرمی 40 پلەی سەدی تۆمار دەکات، پاشان پلەی گەرمی بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە نێوان چوارشەممە و هەینیدا بەرز دەبێتەوە، پێش ئەوەی کەشوهەوای ئاسایی لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلولدا جێگیر بێت، بەڵام ئاماژەکانی بارانبارین ئاماژە بە زستانێکی " نائاسایی" دەکەن ئەمجارە.

ئاشکراشیان کردووە کە بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتەکانی پێشبینیکردنی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ئەمڕۆ یەکشەممە 31/8/2025 لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەردەوام دەبێت و بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستە گشتییەکان بەرزتر دەبێت، بە تایبەت لەناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات کە زۆرترین کاریگەرییان بە پلەی گەرمی بەرز دەبێت.

دەستەکە راشیگەیاندووە" هاوکات لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئەیلول واتە سبەی دووشەممە 1/9/2025، دۆخی کەشوهەوا دەست بە گۆڕان دەکات بەهۆی هاتنی بارستەیەکی هەوای مامناوەند کە لە ڕۆژئاواوە دێت، ئەم بارستەیە کار لەسەر شکاندنی شەپۆلی گەرما دەکات و پلەی گەرمی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستەکانی کەمتر لە ئاسایی، و کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی ڕوونتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا و باکوور دەردەکەوێت."

کەشناسی عێراق وتیشی" چاوەڕوان دەکرێت دابەزینەکە تەنها بۆ سێ ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام بێت، چونکە پلەی گەرمی بڕێکی کەمتر لە ئاستە گشتییەکان بە بڕی دوو بۆ چوار پلە تۆمار دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە بەشێکی سروشتی قۆناغی گواستنەوەن لە نێوان وەرزەکانی ساڵدا".
ئاماژە بەوەشدەکات کە پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەری دەخەن، ئاماژە ئەرێنییەکان کە ئێستا بەشێوەیەکی ڕێژەیی دەردەکەون، نیشانەی وەرزی بارانبارینێکی لاوازن لە باکووری ڕۆژئاوای ئەوروپا و وەرزی بەهێز لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ کەشوهەوای عێراق لە ڕووی بارانبارین و دابەزینە جەمسەرییەکانەوە.

دەشڵێت" ئەم بۆچوونە هاوتایە لەگەڵ بۆچوونی چەند پێشبینیکارێکی کەشوهەوا، کە ئاماژە بەوە دەکەن؛ نزیکبوونەوەی تەوژمی جێت لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات بەشێوەیەکی پێشوەختە لە 10ی ئەیلولدا ئاماژەیەکی باشە بۆ وەرزی بارانبارینی داهاتوو، کە باراناویی دەبێت و شارەکانی عێراق بارانێکی زۆر و بەلێشاو بەخۆیانەوە دەبینن".


2025-08-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.