عێڕاق

قەیس خەزعەلی: حەشد بۆ عێراقییەکان مەسەلەی بوون و گەرەنتییە بۆ ئاسایش و ژیانیان

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق رایدەگەیەنێت کە فشارە دەرەکییەکان دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، دەشڵێت" حەشد بۆ عێراقییەکان مەسەلەی بوون و گەرەنتییە بۆ ئاسایش و ژیانیان".

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی هەق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بۆنەیەکی ئایینی وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "داواكانی هەڵوەشاندنەوە یان یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئامانجیان دەرهێنانی خاڵی هێزی بنەڕەتی و گەرەنتی راستەقینەیە لە دەستی دەوڵەتی عێراق".

خەزعەلی دەشڵێت "فشارە دەرەکییەکان دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، هەندێک لە هەڕەشەكان سەپاندنی سزای ئابووری لەخۆدەگرێت، کە نەوت و داهات و تەنانەت دۆلاری هەناردەکراو لەلایەن ئەمریکاوە دەگرێتەوە".

وتیشی" ئامانجی ئەم فشارانە رێگریکردنە لە دەرکردنی یاسایەکی نوێ کە رەوایەتی حەشد بچەسپێنێت، بوونی چەترێكی یاسایی، بە واتای دانپێدانانی پەرلەمانی عێراقە بە حەشدی شەعبیدا وەک دەزگایەكی فەرمی".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر داواكە پێویستی هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵكردنێتی، بە راشکاوی و هێمنی دەڵێم، ئێوە لە خەیاڵدان، ئەمە بۆ ئێوە لە ئەستێرەکانی ئاسمان دوورترە، حەشد بۆ عێراقییەکان مەسەلەی بوون و گەرەنتییە بۆ ئاسایش و ژیانیان".

 
2025-08-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.