دادگای فیدراڵی، یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی بۆ سیاسەتمەداران هەڵوەشاندەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
دوای سکاڵاکانی وەزیری دەرەوەو وەزیری ناوخۆی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەمواری یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە سیاسەتمەداران و بەرپرسان بە نادەستوریی زانی وهەڵیوەشاندەوە.
ئەمرۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 ی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی بۆ سیاسەتمەداران هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەموارە پێچەوانەی دەستوری عێراقە".
لە دۆسیەکە دا سکاڵاکارەکان کە بریتی بوون لە وەزیری دەرەوەو وەزیری ناوخۆی عێراق سكاڵایان لە سەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کردبوو بەوەی ژمارە (6)ی ساڵی 2025ی هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت، سەرپێچی حوكمەكانی ماددەی (58 و 67 و 80)ی دەستور دەكات.
سكاڵاكارەكان لە سكاڵاكەیاندا داوایان لە دادگای باڵایی فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بە نادەستوریبوونی هەمواری یاساکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دادگای فیدراڵی، یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 (یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015) نادەستورییە، بەو پێیەی ناكۆكە لەگەڵ بڕگەكانی ماددەكانی (14)، (16)، (47) و (80)ی دەستوری كۆماری عێراق.
|