عێراق و ئەمەریکا هەناردەکردنەوەی نەوت یەکلادەکەنەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
فوئاد حوسێن و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازیی لە ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کردووە.
هاوکات لە دیدارەکەدا، هەردوولا دووپاتیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە هەماهەنگیی ئەمەریکا و عێراقەوە هەیە لەبارەی ڕۆڵی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا کە لەبواری نەوتدا لە عێراق کار دەکەن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو کێشە و ئاڵنگارییانە کردووە کە لەبەردەم کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ میکانیزمەکانی چارەکردنی کێشەکان کە دەرفەت دروست دەکات، جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دەست پێبکاتەوە.
جێی ئاماژەیە، پێشتر فوئاد حوسێن رایگەیاندبوو، لێکتێگەیشتنێکی ڕوون هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ بابەتی ڕادەستکردنی نەوت، راشیگەیاندبوو "ئەمە چارەسەریی کاتییە، ئەم چارەسەرە تا کۆتایی ساڵە، واتە چارەسەرێکە تا کۆتایی ئەمساڵ و پشت بە دوو سەرچاوەی یاسایی دەبەستێت، ئەوانیش یاسای بودجەی ئێستا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیین، کەواتە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بەشێوەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت."
|