سودانی گورزێکی کەمەرشکێن لە ئەمریکا دەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
راوێژكارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو هێزەكانی هاوپەیمانان لە بەغدا و عەین ئەسەد کۆتاییان پێدەهێنرێت.
حسێن عەلاوی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند "حكومەتی عێراق پابەندە بە بەرنامەی حكومەت لەبارەی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەكان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانییەكە بۆ پەیوەندیی بەرگریی دوقۆڵی سەقامگیر و جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە بەردەم لە بەرەپێشچوندایە".
وتیشی "لە رێككەوتنەكەدا، لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، كۆتایی بە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە بارەگاكەیان لە بەغدا و هەروەها لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد دەهێنرێت".
"پڕۆسەی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لە عێراق بە قۆناغی دووەم لە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوودا تەواو دەكرێت". راوێژکارەکەی سودانی وایوت
|