عێڕاق

ئەمریکا رەزامەندی لەسەر دیدار لەگەڵ سودانی نییە

نهانیوز-هەواڵەکان 
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی لە واشنتۆن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق تائێستا 17 جار داوای پێشکەشکردووە به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی سەردانێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،بەڵام تا ئێستا واشنتن رەزامەندی لەسەر نەداوە.

سەرچاوەیەکی عێراقی لە ئەمریکا   بە میدیاکانی راگەیاندووە کە "  له‌دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپه‌وه‌، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، 17 جار داواكاریی بۆ سه‌ردانی واشنتۆن پێشكه‌ش كردووه‌، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی و یەکلاکەرەوەی وەرنەگرتووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا مەرجی دیاریکراوی هەیە و دەیەوێت هەنگاوی کرداریی لە سودانی ببینێت بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

وتیشی" ئەمریکییەکان بە ڕوونی پێیان وتووە کە پێشوازی لێکردنی لە کۆشکی سپی بەندە بەوەی کە تا چەند دەتوانێت سەروەریی یاسا بسەپێنێت و جڵه‌وی گرووپە چەکدارە عێراقییه‌ وه‌لائییه‌كان كه‌ سه‌ر به‌ ئێرانن بكات و له‌ قاڵبیان بدات".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکدادان و گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵا، لەلایەن واشنتۆنەوە وەک بەشێک لەو تاقیکردنەوەیە سەیر دەکرێت، به‌شێوه‌یه‌ك ئەمریکییەکان دەیانەوێت ببینن سودانی بە ڕاستی بەرەنگاری ئەو گروپانه‌ ده‌بێته‌وه‌.


2025-08-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.