عێراق یاداشتە گرنگەکەی گەیاندە ئەمریکا
نها نیوز - هەواڵەکان
بەهۆی ئەوەی واشنتۆن ناڕەزایی دەربڕی لەبارەی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران، لەبەرامبەردا راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەغدا وردەكاری ئەو یاداشتە ئەمنییەی بۆ باڵیۆزی ئەمریكا خستە روو،
باڵیۆز ستیڤن فاگن كاربەڕێكەری ئەمریكا لە عێراق، سەردانی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كرد.
لە دیدارەکەدا ئەعرەبی وردەكاری ئەو یاداشتە لێكتێگەیشتنەی بۆ باڵیۆزە ئەمریكییەكە روون كردوەتەوە، كە لەسەردانی ئەمدواییەی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا بۆ بەغدا، لەنێوان عێراق و ئێراندا واژۆ كراوە.
لایخۆشییەوە لەبارەی ناڕەزایەتی ئەو یاداشتەش، تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتی "هەر رێوشوێنێك پێچەوانەی ئامانجەكانی ئەمریكا بێت و دژی هەوڵەكانی بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق بێت، رەتیدەكەینەوە. ئەمریكا پشتیوانی لە سەروەری راستەقینەی عێراق دەکات، نەک رێككەوتنێك عێراق بكات بە دەوڵەتێکی پاشكۆی ئێران".
ئەوەشی وتووە "لە دیدارەكەی ئەمڕۆدا ئەعرەجی باسی لەوە كردووە، یاداشتە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران بۆ (كۆنترۆڵی سنورو پاڵپشتیكردنە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە)و (رێگریكردن لە قاچاخچێتی و دزەكردن)".
وەكو ئاماژەیەكیش بۆ دژایەتی ئەمریكا لەگەڵ یاداشتەكە، ئەعرەبی وتویەتی "عێراق لەبەرژەوەندییە باڵاكانی خۆی و وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری سیاسەت دەكات و، پەیڕەوی هاوسەنگی دەكات لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، بەردەوامە لەسەر سیاسەتی كرانەوەی دیپلۆماسی بەڕووی وڵاتانی دۆست و برا.
ئەعرەجی باسی لەوەشکردووە، لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سیاسەتی هاوسەنگی ئەمریكا لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیدا دەربڕیوە و هەوڵەكانی لە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بەرزنرخاندووە.
ستیڤن فاگن ئاشكرایكردووە، بەمزوانە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك دەبەسترێت بۆ هاندانی وڵاتان بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی خۆیان لە كەمپی (هول)ی سوریا بكێشنەوە و بەتەزاوەتی كۆتایی بەم دۆسیە بهێنرێت.
|