نهانیوز-هەواڵەکان
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا، لە بارەی دەستوەردانی ئەمریکا لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران وبەغدا، هەڵویستی خۆی راگەیاند و سەركۆنەی دەستوەردانی ئەمریكا دەكات، هاوکات، عێراقیش دەڵێت " ملکەچی سیاسەتەکانی هیچ وڵاتێک نییە، بڕیارەکانیش لە ئیرادەی نیشتمانی سەربەخۆی وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرن".
ئەمرۆ چوارشەممە13ی ئابی2025 باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا دژی دەستوەردانی ئەمریکا لە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان ئێران و عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەو بەرنامە ناسەقامگیرییەی ئەمەریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە گرتوویەتەبەر، هەروەها نیشانەی هەوڵە بەردەوامەکانی بڕیاردەرانە لەم وڵاتەدا بۆ چاندنی ناتەبایی لەنێوان گەلانی هەردوولا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم جۆرە دەستوەردانە، پێشێلکردنی بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، کە لەسەر بنەمای 'هاوکاری نێوان وڵاتەکان' دامەزراوە.
هەر لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن بە فەرمی رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و مافی ئەوەی هەیە ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە پێی بڕگەکانی دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانی، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانیدا بگونجێت ئەنجام بدات".
ئاماژەی بەوەش داوە، "عێراق پەیوەندی دۆستانە و هاوکاریی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر وڵاتی جیهاندا هەیە، بەتایبەت دراوسێکانی و ئەمەریکا، هەروەها دەیەوێت ئەو پەیوەندیانە لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش بنیات بنێت".
بەیاننامەكەى باڵیۆزخانەی ئێران و عێراق دوای ئەوەدێت، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئیمزاكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانی رەتكردەوەو رایگەیاند: هەر رێوشوێنێك پێچەوانەی ئامانجەكانی ئەمریكا بێت و دژی هەوڵەكانی بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق بێت، رەتیدەكەنەوە.
ئێوارەی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە ئەمنیەی لە نێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا ڕەتکردەوە، ڕاشیگەیاند، دژایەتی هەر یاسایەک دەکەن کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی ئەمەریکا یان دژایەتی بەهێزکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێت.