عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد
نها نیوز - هەواڵەکان
بۆ یەكەم جار لە مێژووی عێراقدا بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتە (28) هەزار مێگاوات، وزیری کارەبای عێراقیش دەڵێت "عێراق ژمارەی پێوانەی تۆماركردووە".
زیاد عەلی فازیل، وەزیری کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: عێراق ژمارەی پێوانەی تۆماركردووە لە بەرهەمهێنانی كارەباو بۆیەكەم جار لەمێژووی وڵاتدا، بەرهەمهێنان گەیشتووەتە بڕی (28) هەزار مێگاوات.
وەزیری کارەبا، ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، لەسایەی پلانێکی تۆكمە کە گرێبەستی چاککردنەوەی درێژخایەن و نوێکردنەوەی کارگەکان و دانانی سیستەمی فێنککەرەوەی پێشکەوتوو و، بەکارهێنانی كەمێك لە سوتەمەنی هاوردەکراو، گەیشتوینەتە لوتکەی بەرهەمهێنان.
دەشڵێت "رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیکتریک هەیە بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا بە توانای 24 هەزار مێگاوات و، لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس بە توانای 14 هەزار مێگاوات. "
ئاماژەی بەوەشدا، بەم نزیکانەش رێکەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای شەنگەهای بە توانای 10 هەزار مێگاوات واژۆ دەکەین، بە ئامانجی پڕكردنەوەی كورتهێنانی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر وزە هەیە.
|