لیستەكەی سودانی لەبارەی نەوتەوە؛ هەرێم بێ منەت دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی لیستەکەی سودانی ئاشکرایکرد، هیچ سەرۆک وەزیرانێک ناتوانێت چارەسەری هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات، باشترین ڕێگا ئەوەیە "هەرێم نەوتی خۆی و بەغداش نەوتی خۆی".
حەنان فەتلاوی، پاڵێوراو و پەرلەمانتاری دیار لە لیستەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق (ئاوەدانی و گەشەپێدان)، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەنووس سامر جەواد كە شەوی رابردوو ئەنجامدرا ڕایگەیاند "هیچ سەرۆك وەزیرانێك ناتوانێت كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، چونكە شت وەرئەگرن و هیچ بەرامبەرێك نادەن".
فەتلاوی ئاماژەی بەوەشدا، باشترین چارەسەر ئەوەیە هەر یەکەیان نەوت و داهاتی خۆی لابێت.
ناوبراو وتیشی 'هیچ كەس كێشەی كوردی پێ چارەسەر ناكرێت، ئەوان زیاتر لە 20 ساڵە هیچ نادەن و شت وەردەگرن، هەر سەرۆك وەزیرانێك دێت لەگەڵیان چاك دەبێت و دەیەوێت نیازپاكی بكات و هەندێكجار پێشێلكاریش دەكات بۆ رازیكردنیان، بەڵام دواتر دەگاتە هەمان ئەنجام".
ئەندامەکەی لیستی سودانی جەختیشیکردەوە "تەنیا چارە ئەوەیە ڕێككەوتنێكی ئازایانە بكەین كە پارە و نەوتی خۆتان بۆ خۆتان و هی ئێمە بۆ خۆمان و خۆتان مووچەی خۆتان بدەن. دەشڵێت "ئەوانیش نەوت و باج و دەروازەی سنوورییان هەیە و با مووچەی خۆیان بدەن، هی هەموو پارێزگاكان دێتەوە خەزێنەی گشتی، بەڵام هی ئەوان نایەتەوە".
حەنان فەتلاوی باسی لەوەكرد مالیكی، عەبادی، عەبدولمەهدی و كازمی هەوڵی چارەسەری ئەم كێشەیان داوە و نەكراوە بۆیە وەک ئەو وتی "چارەسەر ئازاری یەك جارە نەك هەموو ڕۆژ".
|