نها نیوز - هەواڵەکان
دوێنێ لەسەر زیادكردنی چەند بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان، جارێكی تر دەمەقاڵێ لەنێوان مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمان و موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان روویدا. ئەویش سەرۆك و جێگرە لەسەر (دروستە - دروست نییە) ناكۆكن.
میدیای درەو بڵاویکردووەتەوە، سەرباری ئەوەی بەمدواییە، شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان ئاشتەوایی لەنێونیاندا رێكخست، جارێكی تر سەرۆكی پەرلەمان و جێگری یەكەم كەوتوونەتە ناو ناكۆكییەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، دوای كشانەوەی مەشهەدانی، مەندەلاوی بۆ ماوەی 25 خولەك دانیشتنی پەرلەمانی بەڕێوەبرد و
چەند بڕگەیەكی بۆ بەرنامەی كار زیادكرد، لەوانە:
ـ بڕگەی "دەنگدان لەسەر سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی راژەی فیدراڵ"
ـ بڕگەی دەنگدان لەسەر "سەرۆكی ئەنجومەنی دەوڵەت"
ـ بڕگەی (دەنگدان لەسەر پێشنیارە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە ژمارە 22ی ساڵی 2011)
هاوكات لەگەڵ زیادكردنی ئەم بڕگانەدا، پەرلەمانتارانی شیعە دەستیانكرد بە كۆكردنەوەی واژۆ؛ بەمەبەستی زیادكردنی بڕگەی (پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی) بۆ بەرنامەی كار، ئەمریكا و كورد و سوننە دژی پەسەندكردنی ئەم یاسایەن، بۆیە ئیتر دانیشتنەكەی پەرلەمان تێكچوو.
جگە لەوەش دوای تەواوبوونی دانیشتنەكە، مەحمود مەشهەدانی كە لەسەر پشكی پێكهاتەی سوننە و لە شوێنی حەلبوسی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە و دۆستی شیعەكانی نزیك لە ئێرانە، نوسراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، دانیشتنی رۆژی 5ی مانگ (واتا دوێنێ) "نادروستە"، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرۆك دانیشتن دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی جێگری سەرۆك دانیشتنەكەی كردووەتەوە، بۆیە دانیشتنەكە نادروستە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەو وەكو سەرۆكی پەرلەمان لەناو بینای پەرلەماندا بووە و جێگریشی رانەسپاردووە بەوەی دانیشتنەكە بكاتەوە.
لەبەرامبەردا، موحسین مەندەلاوی كە كوردێكی شیعە و سەربە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، نوسراوێكی دەركردووە و دەڵێت؛ دانیشتنی دوێنێ "دروستە"، چونكە سەرۆكی پەرلەمان بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆوە لە هۆڵی پەرلەمان چووەتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێر دواكەوتووە، بۆیە جێگری یەكەم مافی هەیە دانیشتنەكە بكاتەوە بەتایبەتیش كە نیساب تەواو بووە.
بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان، هەر دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، دانیشتنەكە هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو نەبووە.
جێی ئاماژەیە، رۆژی 15ی تەموزی رابردوو، مەشهەدانی و مەندەلاوی لە دانیشتنی پەرلەماندا بوو بە دەمەقاڵێیان، بەهۆیەوە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سوننە و شیعە رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و دانیشتنەكە تێكچوو.
هەروەها ئەوكات وەكو باسدەكرا، هۆكاری تەقینەوەی ناكۆكی نێوان سەرۆك و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لێدوانێكی مەشهەدانی بووە كە وتویەتی؛ "عێراق مانگی ئایندە (مەبەستی ئەم مانگە بووە) روبەڕووی خۆپیشاندان دەبێتەوە و رەنگە پەنا بۆ حكومەتێكی فریاگوزاریی ببەن ئەگەر ئاڵۆزی ئەمنیی دروست ببێت".
وتوشیەتی "ئەمریكا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە پەیامی بۆ سەرجەم سەركردە سیاسییەكانی عێراق ناردووە و دەیەوێت حەشد لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان تێكەڵ بكات نەك بخرێتە ناو پەیكەری ئەو هێزانەوە".
دوای ئەم ناكۆكییە، شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە كوردە و لە پشكی پارتییە، مەندەلاوی لەگەڵ خۆی برد بۆ ماڵی مەشهەدانی لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا، ئاشتەوایی لەنێوانیان رێكخست، وا باس دەكرا لەم ئاشتەواییەدا مەندەلاوی داوای لێبوردنی لە مەشهەدانی كردووە، بەڵام وا دیارە ناكۆكییەكان لەبارەی یاسای حەشدەوە گەورەترین لە دەستپیشخەریی ئاشتەوایی شاخەوان عەبدوڵا، بەتایبەتیش كە جێگری دووەم لە پشكی پارتی چەند رۆژی رابردوو بە فەرمی رایگەیاند دژی پەسەندكردنی یاسای حەشدی شەعبییەو ئەم یاسایە زیان بە عێراق دەگەیەنێت و كاتەكەی گونجاو نییە.