ئەمریکا دژایەتیی خۆى بۆ پرۆژەیاساى حەشدى شەعبی دووپاتکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا رایگەیاند، واشنتن تێپەڕاندنی پرۆژەیاساى حەشدى شەعبی رەتدەکاتەوە، دەشڵێت، ئەو پرۆژەیاسایە دامەزراوە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەهێزدەکات.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا رايگەياند، ئەوان بە توندی تێپەڕاندنی هەر یاسایەک رەتدەکەنەوە کە کێشە بۆ هاوکارییە ئەمنییە نموونەییەکەیان دروستبکات، کە بەهەمانشێوە کێشە بۆ پتەوکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقیش دروستدەکات.
تامی بروس ئەوەشى دووپاتکردەوە، نایانەوێت یاسایەک عێراق بکاتە شوێنکەوتەی ئێران، ئەوە بیروڕای ئەوانە لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە".
دەشڵێت "پرۆژەیاسایەک هەیە لە عێراق کار بۆ پتەوکردنی دامەزراوە چەکدارەکانی پەیوەندیدار بە گرووپە تیرۆریستییەکان (حەشدى شەعبى) و گرووپەکانی نزیک لە ئێران دەکات".
راشیگەیاند، "ئەو گرووپانەی پێشتر هێرشیانکردووەتەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و چەند ئەمریکییەکیان کوشتووە، لەناو ئەو چەکدارانەدان".
دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى خاڵى ناکۆکى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقە، فراکسیۆنەکانى شیعە پشتیوانى لە تێپەڕاندنی دەکەن و فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سوننەکانیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
|