مەترسییە گەورەو کوشندەکەی سەر عێراق ئاشکرا کرا
نها نیوز – هەواڵەکان
شارەزایەکی بواری ئاو و ژینگە، مەترسییەکی گەورە بۆ سەرعێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت "عیراق بەدەست دۆخێكی مەترسیداری كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و بەركەوتەی وشكەساڵییەكی راستەقینە و كوشندە بووە".
عیراق بەڕەسمی دەخرێتە لیستی ئەو 10 وڵاتەی كە زۆرترین مەترسی تینوێتییان لەسەرە، ئەمەش لە ئەنجامی خراپتربوونی قەیرانی وشكەساڵی و بەردەوامی نەبوونی رێگەچارەی راستەقینەی حكومەت.
لەو بارەیەوە عادل موختار شارەزای بواری ئاو و ژینگە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم رایگەیاند عیراق بەدەست دۆخێكی مەترسیداری كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و بەركەوتەی وشكەساڵییەكی راستەقینە و كوشندە بووە، ئەمەش دەیخاتە پێشەوەی ئەو 10 وڵاتەی كە بەهۆی وشكەساڵییەوە بەركەوتەی تینوێتی بوون، هۆشداریشیدا لەوەی قەیرانی ئاو كاردانەوەی ژینگەیی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشی دەبێت، و زۆربەی خەڵك ناچار دەكات لە گوندەكانەوە كۆچ بكەن بۆ شار.
قەیرانی ئاو لە عیراق هێشتا پرسێكی دواخراوی سیاسییە و كراوەیە بۆ هەموو سیناریۆكان، لە كاتێكدا وڵاتەكە ڕووبەڕووی شەپۆلی گەرمای توند و دابەزینی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەرەكانی رزگاربوون لە وشكەساڵی كەمكردووەتەوە.
|