نها نیوز - هەواڵەکان
راوێژكارێكی حكومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمریكا لەبارەی حەشدی شەعبیەوە فشار لە فیدراڵ دەكات و وەك بەشێك لە سیستمی ئەمنیی بەغدا دانی پێدا نانێت، بەڵكو وەكو چەترێکی ئێران تەماشایان دەكات.
راوێژكارێكی حكومەتی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە رۆژنامەی "العربي الجدید" دەڵێت "ئەمریكا لەبارەی حەشدی شەعبیەوە فشار لە حكومەت دەكات، واشنتۆن دان بە حەشدی شەعەبیدا نانێت وەك بەشێك لە سیستمی ئەمنیی عێراق، بەڵكو وەك چەتری كۆكەرەوەی گروپە لایەنگرو پاڵپشتیكراراوەكان لەلایەن ئێرانەوە تەماشایان دەكات".
لەبارەی راگرتنی مووچەی حەشدی شەعبییەوە ئەو راوێژکارە ئاماژە بەوەش دەدات "ئەگەری پێدانی پارەی ئەندامانی حەشد بەشێوەی كاش هەیە لەناو بارەگاكانیان، لەحاڵێكدا ئەگەر گواستنەوەی داتاكانیان بۆ كۆمپانیایەكی تری ناوخۆیی دواكەوت. ئەو جەختیشكردەوە لەوەی، ئەم فشارانەی ئەمریكا تەنها سەرەتایە.
لایخۆشیەوە موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتویەتی "دواکەوتنی پێدانی مووچەی حەشدی شەعبی بەهۆی فشاری ئەمریکاوە بووە لەسەر بانکی رافیدەین و ئەو کۆمپانیایەى کە بەرپرسیارە لە دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی مانگانە.
هاوکات راگرتنەكەش دوای ئەوە هاتووە، كە هەڕەشە لە کۆمپانیاکە كرابوو ئەگەر مووچەكانیان خەرج بکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
بەوتەی کازمی بێت، ئامانجی واشنتۆن ئەوەیە حەشد دووچاری قەیران و كێشەی ناوخۆیی بكات.