عێڕاق

هۆکاری سەرەکیی دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز- هەواڵەکان

سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناجێگیریی تەندروستیی سەرۆکی دادگای فیدراڵی هۆکار بووە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، بەڵام ڕۆژنامەیەک لەزاری سەرچاوە دادوەرییەکانەوە باس لەوە دەکەن ئاڵنگارییەکی توند لەنێوان جاسم عومێری و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەبووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جاسم عمێری.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی ( شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، لەدوای ئەوەی جاسم عمێری سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵیی عێراق داوای خانەنشینبوونی کرد و دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی  باڵای دادوەریش لەبەیاننامەیەکدا پاساوی بۆ داواکارییەکەی هێناوەتەوە و باسی لەوە کردووە ئەم داوایەی جاسم عمێری بە هۆکاری " تەندروستی" بووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەنجام داواکەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە پەسەند کرا و لەشوێنی، دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێنی جێگری، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەستنیشانکرا.

ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، لەزاری سەرچاوە دادوەرییەکانەوە سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی جاسم عمێری سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی ئەوە دەخاتەڕوو، بەهۆی هەبوونی ئاڵنگارییەکی توند هەبووە لەنێوان ناوبراو و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر جارێک ناکۆکیی لە نێوان فایق زیدان و جاسم عمێریدا ڕوویداوە، دواجار بە چوونە دەرەوە و دەستلەکارکێشانەوەی عمێری، ئاڵنگارییەکە کۆتایی هات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 19ی ئەم مانگەدا، نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان پێشکەش بە سەرۆکی دادگاکە کرد بەهۆی ناکۆکیی دەستەی دادوەران لەگەڵ سەرۆکی دادگا و لە ئەنجامی پەرەسەندنی ئاڵنگاریی نێوان ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی هەروەک سەرچاوە دادوەرییەکان ئاشکرایان کردووە.
 
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، جاسم عومێری لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا هەوڵێكی زۆری داوە بۆ جڵەوکردنی ململانێی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای پێداچوونەوە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن سەرۆككۆمار و سەرۆکی پەرلەمانەوە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، عمێری دوو داواکاری پێشکەش بە مەحمود مەشهەدانی و عەبدولەتیف رەشید کردبوو، داوای کردبوو تا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە پێكهێنەری حكومەتە، كۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوە، هەروەها بانگهێشتکردنی شارەزایانی دەستووری و یاسایی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو بابەتە.

9کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.