سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داوای خانەنشینبوون دەکات
نهانیز-هەواڵەکان
سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق داوای خانەنشینبوون دەکات، سەرچاوەیەکیش هۆکاری داواکارییەکەی بۆ کێشە ناوخۆییەکانی دادگاکە دەگێرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی حوزەیران جاسم عومێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی داوای خانەنشینبوونی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کردووە.
بـــە گوێرەی هەندێک لە میدیاکانی عێراق هۆی داواکەی عومێری، بۆ کێشە و ناکۆکییەکانی نێو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەگەڕێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە لە كۆی نۆ ئەندامی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق، بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان شەش ئەندامی دادگەكە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی دادگاكە کرد، بەڵام تا ئێستا داواکە پەسەند نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیاربوو دادگەی فیدڕاڵی كۆببێتەوە و ڕاوێژ و گفتوگۆ سەبارەت بە دەركردنی فەرمانێكی سالاری (ئەمری وەلائی) سەبارەت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
|