لەبارەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە عێراق راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە
نها نیوز- هەواڵەکان
دەستەی چاودێری ئەتۆمیی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی کراوەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ پیسبوونێکیان تۆمارنەکردووە و سەرجەم پێوەرەکان ئاسایین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراق، لەبارەی کاریگەرییەکانی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "رێگەی چاودێریکردن و پشکنینی پێوەرەکانی سیستمی چاودێریی تیشکی، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێوەرەکانی تیشکی لە دەروازە سنوورییەکان، هیچ پیسبوونێکی تیشکیی بەرچاو تۆمار نەکراوە".
دەستەکە جەختیشدەکاتەوە: "سەرجەم پێوەرەکان لە چوارچێوەی ئاستی ئاسایی تیشکدانەوەی سرووشتیدا بوون، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە شیکردنەوەی رووداوەکاندا ئاماژەمان پێکردبوو."
ئاماژەی بەوەش کردووە، ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەندی فریاکەوتنی تیشی و ئەتۆمی، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە 13ی ئەم مانگەوە، رێوشوێنی پێویستیی گرتووەتەبەر.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران کە بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بوون و هۆشداریش لە مەترسییەکانی تیشکدانەوەی ئەو بنکانە دراوە بۆ کەسانی نزیک لەو بنکانە و وڵاتانی دراوسێی ئێران.
|