حکومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران راگەیاند
نهانیوز-هەواڵەکان
حکومەتی عێراق بە بێ ناوهێنانی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە هێرشەکان بۆسەر ئێران دەردەبڕێت و رایگەیاند" هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەترسییەکی جدی بۆسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق بەوپەڕی نیگەرانییەوە، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە دەکات".
وتیشی" پەرەسەندە سەربازییەکان مەترسی بۆ ئاشتی و سەلامەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و سەقامگیری ناوچەکەش ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەکاتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق داوای ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و بەئامانجنەگرتنی دامەزراوە گرنگەکان دەکاتەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان و بۆ ئامانجی ئاشتییانە بەکاردەهێنرێن.
باسم عەوادی ڕاشیگەیاند" عێراق جەخت دەکاتەوە کە ڕێگەچارەی سەربازی نابێتە جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێت".
جەتیشیکردەوە لەوەی عێراق داوای دەستبەجێ هێورکردنەوە و کردنەوەیکەناڵی دیپلۆماسی خێرا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکات.
کاتژمێر 2:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران و دواتر ترەمپ رایگەیاند" فۆردۆ کۆتاییهاتووە."
.
|