دڵنیایی لە هەناردە کردنی نەوتی عێراق دەدرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاسکرای کرد، تا ئێستا هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە ئاساییە، و ئەگەریش گەرووی هورمزیش دابخرێت کێشەمان بۆ دروست نابێت.
ئەمرۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان ئاساییە، بەرهەمهێنانی نەوت هیچ کێشەیەکی بۆ دروستنەبووە و کارمەندانی بیانی ناو کێڵگە نەوتییەکان کە بە شێوازی شەفت کاردەکەن بەردەوامن لە کاری خۆیان و عێراقیان جێنەهێشتووە.
دەشڵێت "هەناردەکردنی نەوت ئاساییە تا ئێستا، لە حاڵەتی داخستنی گەرووی هورمزیش ئێمە رێگای جێگرەوەمان هەیە کە وەزارەتمان کاری لەسەردەکات".
ئەم لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدایە شەری نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە نۆهەمین رۆژەوەو دەنگۆی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە هاتوەتە ئاراوە.
گەرووی هورمز یەكێكە لە گرنگترین و هەستیارترین رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و بەشادەماری خوێنی رەش دادەنرێت لە جەستەی ئابوری جیهاندا.
نزیکەی لەسەدا 20 ی نەوتی جیهان و بەشێکی بەرچاوی گازی سروشتی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت.
بەپێی داتاكان، ڕۆژانە نزیكەی 18ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە گەرووی هورموزەوە رەوانەی جیهان دەكرێن.
|