عێڕاق

مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق هۆشداریی تووند دەدات

نها نیوز – هەواڵەکان

نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و دەڵیت " بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئاینیی و سیاسییەکانی ئێران پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی عەلی سیستانی، لە پەیامێکدا، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئاینیی و سیاسییەکانی ئێران سەرکۆنەکرد. 

لە پەیامەکەی نووسینگەی عەلی سیستانی، هۆشداری دەدات لەوەی، کە هەنگاوێکی تاوانکاری لەو شێوەیە، جگە لە پێشێلکردنی ئاشکرای ئایینی و ئەخلاقییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پێشبینی دەرئەنجامە ترسناکەکان دەکات بۆ هەموو ناوچەکە، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شەڕێکی تەواو لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوو و ئاژاوەیەکی بەرفراوان کە ئازارەکانی گەلەکەی زیاتر بکات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت.

لە پەیامەکەدا هاتووە؛ داوا لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە چالاکەکان و وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی دەکەین، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە بخەنەگەڕ و چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتیانە بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بدۆزنەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

ئێرانیش لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.
2025-06-19
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.