مەسعود پزیشکیان: لەوانەیە هێرشەکانی ئیسرائیل وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرێتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئێران کرد. سوودانی ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئێران دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی حوزەیران نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراویکدا بلاویکردەوە کە محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان ئەنجامداوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە سوودانی لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە پابەندبوونی عێراق بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کردەوە و ئاماژەی دا، بە هەوڵەکانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ڕێگریی لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، سوودانی ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئێران دەربڕی.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی عێراقی کردووە، و جەختی لەسەر گرنگی گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی وڵاتانی ئیسلامی لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە و وتوویەتی "لەوانەیە هێرشەکان، وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرنەوە."
|