سودانی پەیامێکی توند و بەپەلەی بڵاوکردەوە
نها نیوز- هەواڵەکان
سوودانی لەچوارچێوەی دیدارێکیدا، دووپاتی کردەوە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا نادەن ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ ستیڤن ڤاگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و ژەنەراڵ كیڤم لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی دژی داعش باسی لەوە کرد، ئەوەی دژ بە ئێران روویداوە پێشێلكارییەكی روونی یاسای نێودەوڵەتییە و كارێكی دوژمنكارانەیە كە رێساكانی سیستەمی نێودەوڵەتیی تێكدەدات.
وتیشی، هێرشەكە لەكاتێكدایە كە هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوامن و؛ ئەمە تەنیا هەوڵەكانی ئارامكردنەوەی دۆخەكە تێكنادات، بەڵكو نیازی بەئەنقەست بۆ راكێشانی ناوچەكە بەرەو رووبەڕووبونەوەی بەفراوانتر ئاشكرا دەكات، لەبری ئەوەی رێگریی لێبكات.
سودانی، جەختی کردەوە، عێراق بەتەواوەتیی ڕەتیدەكاتەوە خاك یان بواری ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ جێبەجێكردن یان ئاسانكاریكردن بۆ هەر هێرشێكی دوژمنكارانە دژ بە هەر دەوڵەتێكی دراوسێ.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، عێراق ماف و بەرپرسیارێتیی هەیە پارێزگاریی لە سەروەریی خۆی بكات و حكومەت هەموو رێكارێكی یاسایی بۆ ئەم مەبەستە دەگرێتەبەر.
|