عێڕاق

لە عێراق دابەشکردنی قۆناغی دووەمی پیدانی پارەی گەنمی جووتیاران دەستیپێکرد

نهانیوز-هەواڵەکان

لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر لە ٤٠ رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە ئەمڕۆ بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق  قۆناغی دووەمی پیدانی پارەی گەنمی جووتیاران لە عێراق دەستیپێکرد و بڕی ٥٠٠ ملیار دینار تەرخانکراوە.

رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025 وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە " بودجەی پیویست بۆ قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ بەرهەمی گەنمی ساڵی 2025ـی تەرخانکرا".

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە" بە پشتبەستن بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەت و ڕێنماییەکانی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی ژمێریاری وەزارەت دەستیکرد بە خەرجکردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی بەسەر جووتیاران لەپای پیدانی بەرهەمی گەنمی ساڵی "2025.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەتدایە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی نەختینەی دارایی کە سەقامگیری بارودۆخی جووتیاران مسۆگەر دەکات و پاڵنەرێکە بۆ بەردەوامبوون لە چاندنی بەروبوومی ستراتیژی.

ئەوەشهاتووە، ئەو بڕە پارانەی کە بڵاوکراونەتەوە بریتین لە پارەی بەڵگەدار کە بەپێی پێویست لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە نێردراوە، کە بەپێی ڕێکارە داراییە پەسەندکراوەکان خەرجدەکرێت، دڵنیابوون لە گەیاندنی ڕاستەوخۆیان بۆ جووتیاران بەبێ دواکەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی کاری وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندن و دابەشکردنی بەسەر ئەوکەسانەی لە لیستەکاندا ناویان هاتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا عێراق رەزامەندی لەسەر مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران نەداوە و مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە ٤٠ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش لەمبارەوە هەوالیکی دڵخۆشکەر نەگەیشتووە.


2025-06-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.