نهانیوز-هەواڵەکان
یەکێک لە میلیشیاکانی سەربە حەشدی شەعبی، ھەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، چەکدارەکانمان بۆ مەرگ ئامادەن وجەنگ دەستپێبكات سەدان خۆكوژ ئامادەن.
ئەمرۆ پێنجشەممە ئەبووئالا وەلائی، فەرماندەی میلیشیای كەتائیبی سەید شوهەدا لە عێراق، كە یەكێكە لە گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، پەیامێکی لەبارەی ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕ دژ بە ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت ئەوە چەکدارەکانیان بۆ مەرگ ئامادەن و دەتوانن بۆ جاری دووەم ئەمریکا تووشی زەلیلی بکەن.
ڕاشیگەیاند کە لە ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕ، چی دیکە ئەمریکا و بریکارەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوونیان نامێنێت، ھەروەھا ئەو سیستەمە دەڕۆخێت کە بەرگریی لە داگیرکار دەکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەییتد پرێس بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ھۆی “ئەگەری ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا” کارمەندانی ناپێویست لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکشێنێتەوە.
ھەروەھا ئاژانسەكە ڕاشیگەیاندبوو کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کارمەندانی ناپێویستیشی لە بەحرێن و کوێت ئاگادار کردووەتەوە کە بۆیان ھەیە ئەو وڵاتانە جێ بھێڵن و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی “ھەرچەشنە کشانەوەیەک” لە بەغدا نیشان داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت: لە (11) حوزەیراندا، وەزارەتی دەرەوەی فەرمانی كردووە بە رۆیشتنی فەرمانبەرە نا سەرەكییەكان، بەهۆی زیادبوونی پشێوییە هەرێمایەتیەكان، داواش دەكات هاوڵاتیانی ئەمریكا گەشت بۆ عێراق نەكەن بەهۆی تیرۆرو رفاندن و ململانێی چەكداری.