عێڕاق

ئەمریکا بەپەلە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بە هۆکاری ئەمنی، قەدەغەیە فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشت بکەن. ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەمریکا رایگەیاند، بەشێک لە کارمەندە ناپێویستەکانی لە باڵیۆزخانەی بەغدا دەکشێنێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری تووند دراوە لەوەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییە زیادبووەکانی ناوچەکە. 
 
 لە راگەیەندراوەکە دا هاتووە ، هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە، لەوانە تووندوتیژی و رفاندن. هۆشداری دەدات لەوەی "گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان" و "میلیشیا دژە ئەمریکییەکان" بەردەوام هێرش دەکەنەسەر هێزە ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی مەدەنی، هاووڵاتییانی ئەمریکی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. هێرشەکان بە بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زۆربەی ناوچەکان، بە شارە گەورەکانیشەوە، روودەدەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتییانەی دەکات کە لە عێراقن یان بڕیاری گەشتکردن دەدەن، پلانی ئەمنی تایبەت بە خۆیان دابنێن، خۆیان لە پرۆگرامی (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردن لەکاتی فریاکەوتندا.
 

 

2025-06-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.