هۆشداری داڕمانی ئابوری عێراق دەدرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
پسپۆڕێكی ئابوری ڕایدەگەیەنێت" پشتبەستن بە داهاتی نەوت، عێراقی گەیاندوەتە لێواری داڕمانی ئابوری"، دەشڵێت" پێویستە عێراق هەنگاو بنێت بۆ هەمەچەشنكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان".
محەمەد حوسنی، ڕایگەیاند" پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت و مانەوەی خەرجییەكان لە ئاستێكی بەرز، عێراقی گەیاندوەتە لێواری داڕمانی ئابورییەكەی".
وتیشی" پشتبەستنی عێراق بە نەوت وەك داهاتی گشتی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا حكومەتی عێراق، لەژێر بارگرانیی ئابوریی و بێكاریدایە كە ڕێگریی لەهەر پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئابوری وڵاتەكە دەكات".
ئەو پسپۆڕە ئابورییە باس لەوەش دەكات، پێویستە عێراق هەنگاو بۆ بەهەمەچەشنكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان بنێت، هەروەها بەرەنگاری بەفیڕۆدانی دارایی ببێتەوە لەپێناو دڵنیابون لە ئایندەیەكی بەردەوام بۆ ئابورییەكەی.
ئەوە لەكاتێكدایە، خەرجییە گشتییەكان لە عێراق لە ڕێژەیەكی بەرزدا ماونەتەوە و ساڵی ڕابردو بودجەی گشتی عێراق زیاتر لە 140 ترلیۆن دینار بوە و خەرجییەكان زیاتر لە 125 ترلیۆن دینار بوە و بەپێی زانیاییەکانی وەزارەتی دارایی، ساڵی رابردو داهاتی نەوت، 91%ـی کۆی داهاتی وڵاتی پێکهێناوە، کە زیاتر لە 127 ترلیۆن دینار بووە.
|