عێراق لەڕیزبەندی یەدەگی زێڕی جیهانیدا پاشەکشە دەکات
نها نیوز- هەواڵەکان
بەپێی ئامارێک کە ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زێڕیان لە جیهاندا هەیە، یەک پلە پاشەکشەی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ، نوێترین ڕیزبەندیی وڵاتانی لەڕووی هەبوونی یەدەگی زێڕەوە بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەو خشتەیە کە ئەنجوومەنەکە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، عێراق پلەی 29یەمی لە کۆی 100 وڵاتی نێو خشتەکە گرتووە، لە کاتیکدا پێشتر لە پلەی 28ـی جیهان و پلەی چوارەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە دوای سعودیە، لوبنان و جەزائیرەوە گرتبوو.
هەر بەپێی ئەو خشتەیە، ئەو بڕە زێڕەی عێراق هەیەتی بریتییە لە 162.7 تۆن کە دەکاتە 12.9٪ـی کۆی گشتیی یەدەگەکانی دیکەی.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەبوونی هەشت هەزار و 133 تۆن لە پێشەنگی لیستی گەورەترین خاوەن زێڕەکانی جیهانە، بەدوایدا ئەڵمانیا دێت بە سێ هەزار و 351 تۆن، پاشان ئیتاڵیا بە دوو هەزار و 451 تۆن.
|