عێڕاق

چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پرسی مووچەی هەرێم هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

نها نیوز- هەواڵەکان

لەسەر پرسی مووچەی هەرێم، چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیاندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە لەوەی" دەبێت حکومەتی فیدراڵی پابەندبێت بە دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان" ئەمەش وەک جەخت کردنەوەیەک لەسەر بەردەوامیی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوی کردەوە،  شەوی ڕابردوو لە نوسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، بە ئامادەبوونی محەمەد شییاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە کۆبونەوەکەدا، دۆسیەی  هەرێمی کوردستان تاوتوێكراوە و پێداگری لەسەر گرنگیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسێکی نیشتمانی بەگوێرەی دەستور و یاساکانی حوکمڕانی کراوەتەوە و هاوكات پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵیش، بە دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان و هەوڵدانی جددی بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم چارەسەرەکان".

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەوەش هاتووە، ئامادەبووان بە گرنگیان زانیوە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بكرێت كە بە چارەسەری بنەڕەتی دادەنرێت بۆ كۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كردووەتەوە، داوای لە هاوڵاتییانيش کردووە داتای بایۆمەتری خۆیان نوێ بکەنەوە و چالاکانە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.


.

2025-06-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.