عێڕاق

عەلی عەلاق: کار بۆ سەقامگیری پارە دەکەین

نهانیوز-هەواڵەکان

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای دەکات کە کار بۆ سەقامگیری پارە دەکەن و دەڵێت" بەردەوامین لەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ سپیکردنەوەی پارە دابنێین".

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە کۆنفرانسی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بەغدا ڕایگەیاند" ئێمە کار بۆ سەپاندنی سەقامگیری پارە دەکەین، باش دەزانین کە سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی تیرۆر، تەنیا پرسێکی ماددی نییە، بەڵکو دەرگایەکە بۆ شکستهێنان بە سەقامگیریی و لێکترازانی هەموو دەزگاکانی عێراق لەڕووی سیاسیی و دارایی”.

باسی لەوەش کرد"هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکە لەسەر هەموومان، بۆ ئەوەی سپیکردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بکەین، عێراق لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی باش هەماهەنگی کردووە، هەروەها کارمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر کردووە".

عەلی عەلاق وتیشی" عێراق پابەندە بە توندکردنی هەموو ئەو ڕێکارانەی دەبنە هۆی بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە، لەوبارەوە ئەزموونمان لە وڵاتان وەرگرتووە و کۆمەڵێک خاڵی بەهێزمان بۆ سەقامگیریی پارە وەرگرتووە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی هەناردەی دەرەوە کراوە، دەکەین، بەم هۆیەشەوە زانیارییەکان لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ دەکەین".

باسی لەوەشکرد، کۆمەڵێک خاڵی لاوازمان هەیە پێویستە سەرنجیان بدەین و چارەیان بکەین، بۆ ئەوەی مەترسی سپیکردنەوەی پارە کەم بکەینەوە، هەروەها بەردەوامین لەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ سپیکردنەوەی پارە دابنێین.


2025-05-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.