کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەنگاوی نوێ دەنێت
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لێکۆڵینەوە لە بڕوانامە و داتای کاندیدان دەکات، بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێت"جیا لە بڕوانامەکانیان، لەڕوی تاوان و تیرۆر و دەستپاکییش بەدواداچونیان بۆ دەکرێت".
موهەنەد سەفار، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" کۆمسیۆن ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ12 دەزگا و لایەن دەنێرێت بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینیکردن لە سیڤییەکانیان دا".
ئاماژەی بەوەش داوە، لێکۆڵینەوەکان خۆیان دەبیننەوە لە، بڕوانامەکانیان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، دواتر دەنێردرێت بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت لەوەی، هیچ دۆسیەیەکی ئاساییش یان تاوانییان لەسەر نییە و شیاوی پاڵاوتنن.
بە وتەی سەفار، جگە لە ناردنی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پێشمەرگە، دەستەی دەستپاکی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و چەند دەزگایەکی دیکەش دەنێردرێت.
لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگەوە تۆمارکردنی ناوی کاندیدان دەستی پێکردوە وتا ڕۆژی 24ی مانگی داهاتو بەردەوام دەبێت وەڵامی شیاوی کاندیدەکانیش دوای ئەو ماوەیە ئاشکرا دەکرێت.
|