عێڕاق

ئەمڕۆ کۆتا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتییەکانە

نها نیوز - هەواڵەکان

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەشڵێت، "چیتر وادەکە درێژ ناکرێتەوە".

ئەمرۆ پێنجشەممە 22 ی ئایاری 2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای نزیک پارتی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ تا کاتژمێر 3 ی دوای نیوەڕۆ کە دەوام تەواو دەبێت، دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ئەو هاوپەیمانیەتییانە و چی دیکە درێژ ناکرێتەوە، تا ئێستاش 7 هاوپەیمانی لە عێراق تۆمار کراون.

نەبەردعومەر روونیکردەوە، 25 ی ئایار تاکو 24 ی حوزەیران دەرگا بەڕووی لایەنە سیاسییەکان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن و ناویان تۆمار بکەن وەکوو حزبی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

هەروەها ئاشکراشی کرد، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوپەیمانییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارنەکراوە.

دووشەممەی ڕابردوو، 19ی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی تا کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی یەکشەممەی 15ی حوزەیرانی 2025 درێژکردەوە.

هاوکات، کۆمیسیۆن تۆمارکردنی هاوپەیمانی و پارت و لایەنە سیاسییەکان تا کۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی 22 ی ئایاری 2025 درێژکردەوە.

 
21کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.