عێڕاق

زەنگی مەترسی دواخستنی هەڵبژاردن لێدەدرێ

نها نیوز - هەواڵەکان

رۆژنامەی ئەلمەدا  لەزاری چەند سەرچاوەکەیەوە بڵاویکردەوە رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات  چەند مانگێك دوابكەوێت.

رۆژنامەی ئەلمەدا لە بابەتێکدا ئاشکرای دەکات، لە بەغدا دوای پشووی یاسادانان هەوڵێک هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و لایەنە شیعەکان پێیانوایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بۆ بەهار یان هاوینی (2026)دوادەخرێت بەهۆی پێشهاتی كتوپڕ کە ڕەنگە بەم زووانە رووبدات.
 
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە چوارچێوەی شیعەکان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆ کاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات.

ئەو رۆژنامەیە  ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەربکرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەبێت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخە نوێیەکە دابڕێژێت، ئەمەش بە مانای دواخستنی هەڵبژاردنەکان لانی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 11ـی تشرینی دووەمی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستنیشانکرد.

پێشتر محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێكدا پێشبینی کردبوو کە ئەگەری هەیە وادەی هەڵبژاردن چەند مانگێك دوابخرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا روویدا، کاتێک وادەی هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیران بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە دواخرا.

 
2025-05-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.